سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، رێگریان کردوە لە موشەکێکی بالیستیکی، کە لە خاکی یەمەنەوە بەرەو ئیسرائیل ئاراستە کراوە.

ئەمڕۆ شەممە، سوپای ئیسرائیل دوای 29 رۆژ لە جەنگی ئێران، رایگەیاند بۆ یەکەمجار لە یەمەنەوە بە موشەک وڵاتەکەیان کراوەتە ئامانج و لەلایەن سیستمەکانی بەرگری ئاسمانیەوە خراوەتە خوارەوە

میدیاکانی ئیسرائیلیش ئاماژەیان بەوەشکردوە، بەهۆی هەڵدانی موشەک لە یەمەنەوە بۆ ئیسرائیل، دزەنگی ئاگادارکردنەوە لە شارۆچکەی گەشتیاری ئیلات و ناوچەی نەقب لە باشووری وڵاتەکە چالاک کراوە.

ئەم هێرشەی حوسییەکانی یەمەن، لە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر بە ئێران یەکەمین جارە لە دوای 29 رۆژ لە جەنگەکە.

ئەمە لە کاتێكدایە، پێشتر حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاندبوو، هەرکات پێویست بکات دێنە ناوجەنگەکەوە و لەگەڵ ئێراندا دەوەستن و بێ لایەن نابن.