بۆ وەرچەرخان بەرەو حاڵەتی ئامادەباشی جەنگ، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا زنجیرەیەک رێککەوتنی ستراتیژی بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی تەقەمەنی لەگەڵ کۆمپانیا زەبەلاحەکان ئیمزا کرد.

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا 'پنتاگۆن' ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، کە چەند رێککەوتنێکی چوارچێوەیی لەگەڵ کۆمپانیا زەبەلاحەکانی "بی ئەی ئی سیستمز"، "لۆکهید مارتن" و "هانیوێڵ" ئیمزاکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم رێککەوتنانە بە ئامانجی زیادکردنی بەرهەمهێنانی چەندین سیستمی بەرگری و تەقەمەنییە، وەک بەشێک لە وەرچەرخانی واشنتن بۆ "حاڵەتی ئامادەباشی بۆ جەنگ".

پنتاگۆن ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی ئەم رێککەوتنانە، کۆمپانیای "هانیوێڵ ئێرۆسپەیس" هەڵدەستێت بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی پێکهاتە سەرەکییەکانی پێویست بۆ کۆگاکانی تەقەمەنی ئەمریکا، ئەوەش لە چوارچێوەی وەبەرهێنانێکی گەورەدا کە بڕەکەی دەگاتە 500 ملیۆن دۆلار و بۆ ماوەی چەند ساڵێک بەردەوام دەبێت.

لە لایەکی ترەوە، هەردوو کۆمپانیای "بی ئەی ئی سیستمز" و "لۆکهید مارتن" ئەرکی زیادکردنی بەرهەمهێنانی ئامێرەکانی ئاڕاستەکردنی تایبەت بە موشەکی بەرگریی "تاد"یان پێسپێردراوە، بە شێوەیەک کە قەبارەی بەرهەمهێنانەکەیان بۆ چوار هێندە زیاد دەکات، هاوكات رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ لۆکهید مارتن ئیمزا کراوە بۆ خێراکردنی پرۆسەی دروستکردنی موشەکی "Precision Strike Missile" کە سیستمێکی موشەکیی زۆر ورد و پێشکەوتووە بۆ پێکانی ئامانجەکان.