وەزارەتی پێشمەرگە، لە راگەیەندراوێكدا، ژمارەیەک رێنمایی نوێ و توندی بۆ گشت ئەفسەر و پێشمەرگەکان بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لە قەدەغەکردنی هەموو جۆرە لێدوانێکی رۆژنامەوانی و پێدانی زانیاری بە میدیاکان دەکاتەوە.

بە گوێرەی رێنماییەکان هاتنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن بۆ ناو بارەگا و شوێنە سەربازییەکان بە هەموو شێوەیەک رێگری لێ دەکرێت و قەدەغەیە، داواش لە میدیاکان کراوە خۆیان لە وێنەگرتنی بنکە و بارەگاکان بەدوور بگرن.

دەقی راگەیەندراوەکە

بۆ گشت ئەفسەر و پێشمەرگەکان

١. جەخت دەکەینەوە، کە بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نیە راگەیاندنەکان بێنە ناو بارەگاو شوێنە سەربازییەكانتان، بۆ ئەم مەبەستە داوا لە كەناڵ و میدیاكان دەكەین خۆیان بە دوور بگرن لە گرتنی وێنەو ڤیدیۆی بارەگا سەربازییەكان.

٢. لێدوان و پێدانی زانیاری بە ڕاگەیاندنەکان لە لایەن فەرماندەو ئەفسەران و پێشمەرگەوە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

٣. بە هەموو شێوەیەک بڵاوکردنەوەی وێنە، ڤیدیۆ و زانیاری تایبەت بە سەنگەر و بارەگاکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پۆستکردنیان قەدەغەیە.

​٤. بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی زانیاری، تکایە هەر پەیج و ئەکاونتێک دەبینن کە بە ناوی پێشمەرگەوە زانیاریی سەربازی بڵاو دەکاتەوە، لینکی پەیجەکەمان بۆ بنێرن تاوەکو لە ڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتە بەر.

٥. هەر ئەفسەر و پێشمەرگەیەک پێشێلی ڕێنماییەکان بکات، ڕووبەڕووی توندترین سزای سەربازی و کارگێڕی دەبێتەوە و لەمبارەیەوە چاودێری وردی سۆشیال میدیا دەکرێت.

٦. پێویستە ئەفسەرانی راگەیاندن و هۆشیاری لە یەكە سەربازییەكان، ئۆپەراسیۆنەکان، هەواڵگری، چاودێری وردی تەواوی جموجوڵەکانی پێشمەرگە و ئەفسەران بکەن و هەروەها ئەو ڕێنماییانە پەخش بکەن.

٧. ئێمەش لە بەرێوەبەڕایەتی گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتێمانی چاودێری وردی سۆشیال میدیا دەكەین بۆ هەر سەرپێچییەك لەم خاڵانە و وەرگرتنی رێكاری سەربازی و یاسایی بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرووی خۆمان.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی

وەزارەتی پێشمەرگە

٢٤ی ئاداری ٢٠٢٦