سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی عیراق لەڕێگەی بۆرییە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکردەوە.

مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو رەوشەی لە ناوچەکەدا هەیە، رێگە دەدەن نەوت لەڕێگەی بۆریی نەوتیی هەرێمی کوردستانەوە بڕوات.

ئەوەشی روونکردەوە، گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی عیراقیشدا بۆ ئاسانکاریکردن و هەڵگرتنی رێگرییەکان لەسەر هاوردەکردنی نەوت و جوڵە بازرگانییەکانی هەرێم بەردەوامە.

سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە کۆتایی راگەیەنراوەکەشیدا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوبەشە ئەمریکییەکان دەربڕیوە بۆ ئەو رۆڵ و پاڵپشتییەی لە سەرپێخستنی پرۆسەکەدا هەیانبووە.