رۆژنامەی فایننشاڵ تایمز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، کە ئەمریکا لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە ئێران، بڕێکی زۆر لە تەقەمەنی و مووشەکی "تۆماهۆک"ی بەکارهێناوە، بە جۆرێک  کە یەدەگی چەندین ساڵی ئەو وڵاتە بووە.

سەرچاوەکان بەبێ خستنەڕوی ئاماری موشەکەکان،  ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ئەم بەکارهێنانە  زۆرەی  مووشەکە دوورمەودا و پێشکەوتووەکان کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هێزی دەریایی ئەمریکا دەبێت و بۆ چەندین ساڵی داهاتوو شوێنەوارەکانی دەمێنێتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە 28ی شوباتەوە هێرشەکان بۆ سەر خاکی ئێران دەستیپێکردووە  تا ئێستاش بەردەوامە، لە بەرامبەردا ئێران هێرشی تۆڵەسەندنەوە دەکاتە سەر ئامانجە ئیسرائیلییەکان و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

مووشەکی  تۆماهۆک، کە درێژییەکەی دەگاتە شەش مەتر، بە یەکێک لە وردترین و کوشەندەترین  چەکە دوورمەوداکانی پنتاگۆن دادەندرێت، دەتوانێت لە مەودای زیاتر لە 1500 کیلۆمەترەوە  ئامانجەکەی بە وردی بپێکێت و ئەمریکا لە یەکەم رۆژی جەنگەکەوە بەکاری هێناوە.