قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە دۆخی بازاڕ و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی هاووڵاتییان لەگەڵ ژمارەیەک لە بازرگانانی بواری خۆراکی سلێمانی کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنج شەممە12ـی 3ـی 2026 بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند: هەموو رێوشوێنێکی پێویست دەگرینەبەر بۆ دابینکردنی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانی هاووڵاتییان و جەختیشی کردەوە رێگە نادرێت بە دەستکاریکردنی نرخ و گرانکردنی نرخی پێداویستییەکانی خەڵک.

پاش گفتوگۆکردن لەسەر رێوشوێنەکان، بازرگانان قوباد تاڵەبانییان دڵنیا کردەوە لە کۆگانی سلێمانیدا خۆراک و پێداویستیی سەرەکی هاووڵاتییان دابین کراوە و هیچ مەترسییەک لەسەر بازاڕ نییە، سەبارەت بە هاوردەکردنی خۆراکی پێویست بۆ داهاتووش، قوباد تاڵەبانی ئامادەیی حکومەتی دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە هاوکاری و کارئاسانییەک بە بازرگانەکان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لەوەکرا کە کاربکرێت بۆ زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و دروستکردنی کارگەی نوێی پیشەسازی خۆراک. لەم بارەیەشەوە پاش گفتوگۆیەکی ورد بڕیار لەسەر هەندێک رێوشوێنی پێویست درا کە حکومەت و کەرتی تایبەت پێکەوە هاوکاربن لە دروستکردنی ژمارەیەک کارگەی نوێ. لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی ئامادەیی خۆی و حکومەتی دەربڕی ئاسانکاری پێویست پێشکەشی وەبەرهێنەران و بازرگانان بکات.