پارێزگاری تاران: کێشەی پێدانی سوتەمەنی بە خێرای چارەسەر دەکەین
بڵند
٨ی ئازاری ٢٠٢٦
لەتاران کێشەی سوتەمەنی دروست بوە و پارێزگاری شارەکەش دەڵێت؛ بە زوترین کات چارەسەری دەکەین و تا کاتی چارەسەرکردنەکەش، رێژەی پێدانی سوتەمەنی لە 30 لیترەوە دەکەن بە 20 لیتر بۆ هەر کەسێک.
لە دوای بۆردومانە چرەکە دوێنێ ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر پاڕێزگاکانی تاران و ئەسفەهان، کە تیایدا زۆربەی پاڵاوگە و کۆگاکانی نەوت و سوتەمەنی کرانە ئامانج، پارێزگاری تاران دەڵێت؛ با خەڵک ترسی لە کەمی سوتەمەنی نەبێت.
محەمەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری تاران بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی راگەیاند، با خەڵکی خەمی سوتەمەنیان نەبێت، کەمی سوتەمەنی بە خێرای چارەسەر دەکەن و لە ئێستادا تا کاتی چارەسەرکردنی کێشەکە، رێژەی بەنزین و گاز بە کارتی کەسی لە 30 لیتر لە رۆژێکدا بۆ 20 لیتر کەمکراوەتەوە.
ناوبراو، ئاماژەی بەوەشکردوە، لە دوای دوو رۆژ، پێدانی بەنزین و گاز دەگەڕێتەوە رەوشی جاران و پێدانی سوتەمەنی ئاسایی دەبێتەوە و جەختیشیکردوەتەوە، بەهۆی کەمی بەنزین، سەرجەم وێستگەکانی پێدانی غاز(CNG) 24سەعات کراوەن بۆ پێدانی غاز بە هاووڵاتییان.
ئەمە لە کاتێکدایە شەوی رابردوو، ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر لە 30 پاڵاوگەی نەوت و کۆگای سوتەمەنیان کردە ئامانج و بەهۆیەوە بوەتە هۆی دروستبونی کێشەی سوتەمەنی بۆ هاووڵاتییان.



