مەسعود پزیشکیان: ئێران هەرگیز سەر بۆ ستەم دانانەوێنێت و وەڵاممان بۆ هەر دەستدرێژییەک توند دەبێت
بڵند
٨ی ئازاری ٢٠٢٦
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە پەیامێکدا جەختی لە ئامادەیی تەواوی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی کردەوە بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەی و رایگەیاند، ئێران لە رابردوودا لە بەرانبەر زوڵم و چەوسانەوەدا چۆکی دانەداوە و لە داهاتووشدا هەرگیز کارێکی لەو شێوەیە ناکات.
پزیشکیان ئاماژەی بەوەداوە، کە دوژمن هەوڵی نانەوەی فیتنە و دروستکردنی جیاوازی لە نێوان ئێران و وڵاتانی تردا دەدات، بەڵام جەختی کردەوە، کە تاران پەیوەندییەکی برایانەی لەگەڵ دراوسێکانیدا هەیە.
سەرۆک کۆماری ئێران هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد و رایگەیاند، ئەگەر خاکی هەر وڵاتێک بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنرێت، ئەوا ناچار دەبن بە توندی وەڵامی ئەو سەرچاوەیە بدەنەوە.
پزیشکیان وتوشیەتی؛ ئێمە بە هێزەوە لە بەردەم هەر کەسێک دەوەستینەوە، کە دەستدرێژی بکاتە سەر وڵاتەکەیان و وەڵامێکی کوشندەیان دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پزشکیان رەخنەی توندی لە ئەمریکا و ئیسرائیل گرت سەبارەت بە جەنگی غەززە و دەڵێت؛ ئایا ئەمریکا و ئیسرائیل شەرم ناکەن لە کوشتنی ئەو هەموو منداڵە و گیانلەدەستدانی زیاتر لە 50 هەزار منداڵ لە غەززە؟
سەرۆک کۆماری ئێران، دوپاتیشیکردەوە، یەکڕیزی گەلی وڵاتەکەی و یەکدەستی و یەکگرتوویی، کلیلی سەرەکیی تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و روبەڕوبوونەوەی زوڵمە.



