مەسعود پزیشکیان لە پەیامێکدا بۆ سەرکردەی وڵاتانی دراوسێ رایدەگەیەنێت کە تاران هەوڵی دیپلۆماسیی داوە بۆ رێگریکردن لە جەنگ، بەڵام هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ناچاریان دەکات بەرگری لە خۆیان بکەن.

لە بڵاوکراوەیەکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس، مەسعود پزیشکیان، پەیامێکی ئاراستەی پاشا و سەرۆکی وڵاتانی دۆست و دراوسێی ئێران کردووە و رایگەیاندووە کە پێشتر لەگەڵ ئەواندا و لەرێگەی دیپلۆماسییەوە هەوڵی تەواویان داوە بۆ ئەوەی جەنگ هەڵنەگیرسێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەم وڵاتەکەیدا نەهێشتووەتەوە جگە لە بەرگریکردن لە خۆیان.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆک کۆماری ئێران دڵنیایی دەداتە وڵاتانی ناوچەکە کە رێز لە سەروەرییان دەگرن، و جەختیش دەکاتەوە کە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەبێت بە هەوڵی هاوبەشی هەموو وڵاتەکان پێکەوە بەدی بێت. ئەم لێدوانە نەرمەی پزیشکیان وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ هێورکردنەوەی وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە، تاوەکو دڵنیایان بکاتەوە کە ئێران نیازی هێرشکردنە سەریانی نییە و دەیەوێت بە هاوبەشی ئاسایشی ناوچەکە بپارێزن.