ئەمریکا رایدەگەیەنێت کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران بە خێرایی بەردەوامن و لە چەند رۆژی داهاتوودا هێرشەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتە فراوانتر دەکات، لە بەرامبەریشدا تاران جەخت دەکاتەوە کە تەنیا ئامانجە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەپێکێت.

پیت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی پێشکەوتنی گەورەی لە جەنگی دژی ئێراندا بەدەستهێناوە و ئەنجامی رۆژەکانی سەرەتا سەرسوڕهێنەر بوون. هێگسێس ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای ئەوەی جەنگەکە لە قۆناغەکانی سەرەتایدایە، بەڵام پێدەچێت ئەمریکا و ئیسرائیل لە ماوەی یەک هەفتەدا کۆنترۆڵی ئاسمانی ئێران بەتەواوی بگرنە دەست، کە تێیدا فڕۆکە ستراتیژییەکانی وەک (B-2) و (B-52) رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.

 هەروەها جەختی کردەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە دوو هێندەی پرۆسەی ئازادیی عێراق بەهێزترە، و هێزەکانیان بۆمبی زیرەکی لێزەریی کێش 500 و 1000پاوەندی بۆ پێکانی ئامانجەکان بە وردی بەکاردەهێنن.

وەزیری بەرگریی ئەمریکا روونیکردەوە کە ئەم هێرشانە وەڵامێکن بۆ کوژرانی شەش سەربازی ئەمریکی و واشنتۆن تۆڵەیان دەکاتەوە. لەبارەی زیانەکانی ئێرانیشەوە، ئاشکرای کرد کە هێزی دەریایی ئێران زیانی گەورەی بەرکەوتووە و چەندین کەشتییان لە بنی کەنداودا نوقم بوون، هاوکات هێزەکانی ئەمریکا هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانییان تێکشکاندووە کە ئەمەش گیانی هەزاران کەسی لە ریزی هاوپەیمانان پاراستووە.

لە لایەکی دیکەوە، جەنەڕاڵ دان کین، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا رایگەیاند کە هێزەکانیان تەرکیز دەخەنە سەر لەناوبردنی توانای موشەکە بالیستیکییەکانی ئێران و پەکخستنی توانای تاران بۆ دووبارە بونیادنانەوەی هێزە سەربازییەکەی. بە وتەی ناوبراو، ئەمریکا تا ئێستا نزیکەی  2000 ئامانجی ناوخۆی ئێرانی پێکاوە و 20 کەشتیی سەربازیی ئەو وڵاتەشی نوقم کردووە، لە کاتێکدا ئێران نزیکەی500 موشەک و2000 درۆنی ئاراستە کردووە. کین ئاماژەی بەوەش کرد کە لە 247 بۆ48 کاتژمێری داهاتوودا هێرشەکان فراوانتر دەکرێن، و وڵاتانی ناوچەکەش لەوانە وڵاتانی کەنداو و ئوردن بە سیستەمی بەرگریی خۆیان بەرگری لە خاکەکەیان دەکەن.