سوپای پاسدارانی ئێران لە نوێترین راگەیەندراویدا ئەمریکا و ئیسرائیل بە کوشتنی زیاتر لە 700 هاووڵاتیی مەدەنی تۆمەتبار دەکات و دەڵێت نەخۆشخانە، قوتابخانە و تەنانەت هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕانیش کراونەتە ئامانج.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لە راگەیەندراوی ژمارە 15ـی خۆیدا ئاشکرای کردووە کە لە ماوەی 4 رۆژی رابردووی جەنگەکەدا، بەپێچەوانەی بانگەشەی بەئامانجگرتنی ناوەندە سەربازییەکان، سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل بە مەبەستی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ، زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر قوتابخانە، نەخۆشخانە، یاریگا، چێشتخانە و هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان.

پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی ئەم هێرشانەوە تا ئێستا زیاتر لە 700 هاووڵاتیی مەدەنیی ئێرانی کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لە زیانەکانی 24 کاتژمێری رابردوو کراوە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی موشەکێکی جۆری 'تۆماهۆک' بۆ سەر ماڵێک لە شاری شنۆ، تەواوی ئەندامانی خێزانێک کوژراون. هەروەها بەهۆی پێکانی ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی لە شارۆچکەی سەلمان 5 کەس، و لە گەڕەکی قاسمیەی شاری ورمێش بەهۆی پێکانی ماڵێکەوە ژن و مێردێکی بەتەمەن گیانیان لەدەستداوە. هاوکات ئەمڕۆش هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان و چەند ماڵێک لە شاری کەنگاوەر کراونەتە ئامانج.

لە کۆتاییدا سوپای پاسداران هۆشداریی توند دەدات کە ئەم هێرشانە بێ وەڵام نابن و جەنگی دژی ئەمریکا و ئیسرائیل پێ دەنێتە قۆناغێکی قووڵترەوە. داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات بێدەنگی بشکێنن و هەنگاو بۆ دادگاییکردنی بەرپرسانی سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل بنێن.

ئەم راگەیەندراوەی پاسداران وەڵامێکی راستەوخۆیە بۆ لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ کە رایگەیاندبوو تەنیا پێگە سەربازییەکانیان پێکاوە، و لێرەدا تاران دەیەوێت قەبارەی زیانە مەدەنییەکان، بەتایبەت لە ناوچە کوردییەکانی وەک شنۆ و ورمێ، بە جیهان نیشان بدات.