سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئێران سەرجەم ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە گوایە ئیسرائیل کۆبوونەوەی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری یان ئەنجومەنی کاتیی رێبەرایەتیی کردووەتە ئامانج.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ئەو هەواڵانەی کەمێک پێش ئێستا لەلایەن میدیاکانی ئیسرائیلەوە بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە بەئامانجگرتنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری یان ئەنجومەنی کاتیی رێبەرایەتی، بە تەواوی درۆن و دوورن لە راستییەوە. هەروەها سەرچاوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە بنەڕەتدا لەو کاتەدا هیچ کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە بوونی نەبووە.

لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا بۆ ئاژانسەکە، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کردووە کە دروستکردنی ئەم جۆرە پڕوپاگەندە و شایعانە، تەنیا ئۆپەراسیۆنێکی دەروونییە لەلایەن رژێمی زایۆنییەوە بۆ ئەوەی هەستی بوونی بۆشایی دەسەڵات لە ناوخۆی وڵاتەکەدا دروست بکەن. ئەم رەتکردنەوەیە لە کاتێکدایە کە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، چاوەکان هەمووی لەسەر ئەنجومەنی شارەزایانە بۆ دیاریکردنی جێگرەوەیەک، و ئیسرائیلیش هەوڵ دەدات لەرێگەی شەڕی دەروونی و سەربازییەوە ئەو پڕۆسەیە پەک بخات.