سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، تەواوی هێزی سەربازییان بۆ شەڕی دژی ئێران بەگەڕ خستووە و هێرشەکان چڕتر دەبنەوە.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر شاری تارانی پایتەختی ئێران چڕتر بکەنەوە.

ناتانیاهۆ وتیشی: هێزەکانیان ئێستا بە توندی لە دڵی تارانی دەدەن، و ئەم هێرشانە لە رۆژانی داهاتوودا چڕتر دەبن.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوەشکردەوە، سوپای وڵاتەکەی بە بەکارهێنانی "تەواوی تواناکانی" دەستیکردووە بە هەڵمەتێکی سەربازی بێوێنە، بە ئامانجی پاراستنی بوونی ئیسرائیل و داهاتووی وڵاتەکەی.

ناتانیاهۆ سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری ئەو ئیسرائیلییانە کرد کە لە ئەنجامی هێرشە موشەکییەکانی ئێراندا کوژراون، و ئاماژەی بەوەش دا کە ئیسرائیل بە "رۆژانی سەخت"دا تێپەڕ دەبێت.

ئەم لێدوانانەی ناتانیاهۆ لە کاتێکدایە، خزمەتگوزاری فریاکەوتنی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە لە ئەنجامی هێرشێکی موشەکی بۆ سەر شارۆچکەی "بەیت شیمش"، نۆ کەس کوژراون.