لە ناوچەی چەلەبی سەر بە كۆبانێ بازگەی هاوبەش لە نێوان هەسەدە و حكومەتی سوریا دانرا
هادی
٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦
لە ناوچەی چەلەبی سەر بە كۆبانێ بازگەی هاوبەش لە نێوان هەسەدە و حكومەتی سوریا جێگیركرا، چاوەڕوان دەكرێت گەمارۆكانی سەر كۆبانێش هەڵبگیرێت.
لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی 29ی كانوونی دووەمی نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات"هەسەدە"و حكومەتی كاتی سوریا، لە ناوچەی چەلەبی سەر بە كۆبانێ بازگەی هاوبەش دانراوە، ئەو هەنگاوەش بە ئامانجی پاراستنی ئاسایش و تەواوكردنی پڕۆسەی یەكگرتنی هێزە ئەمنییەكانە، لە ئێستادا هێزی هاوبەشی ئاسایش و هێزەكانی وەزارەتی ناوخۆی سوریا، ئەركی پاراستنی ناوچەكەیان گرتوەتە ئەستۆ.
هاوكات بەپێی هەواڵی میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان پەیوەندییەكانی نێوان هەسەدە و دیمەشق بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەكە، چووەتە قۆناغێكی نوێوە، بڕیارە ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو گەمارۆی سەر كۆبانێ هەڵبگیرێت و رێگاكان بە تەواوی بكرێنەوە.



