عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، ئەگەرچی سیستمی وڵاتەکەیان پێویستی بە چاکسازی هەیە، بەڵام کێشە سەرەکییەکانیان لە ناوخۆوە نین، بەڵکو بەشێکی زۆریان پەیوەندی بە سیاسەتی دەرەکییەوە هەیە.

عیراقچی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (ئیندیا تودەی) کە لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی چاکسازی بۆ دەربازبوون لە گۆشەگیرییە نێودەوڵەتییەکان لێی پرسی، رایگەیاند: مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لەسەر بنەمای پۆلێنە سیاسییە جیاوازەکان کەسێکی ریفۆرمخوازە و تا ئێستاش کارەکانی بەباشی راپەڕاندووە، بەڵام کێشەی سەرەکی ئێران لە چاکسازی ناوخۆییدا نییە.

وتیشی: "هەر سیستمێک پێویستی بە چاکسازی و کەمکردنەوەی کەموکوڕییەکانیەتی، ئەمە روونە. بەڵام کێشەکانمان زیاتر دەرەکین و دەگەڕێنەوە بۆ دوژمنایەتییەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی دیکە."

وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیشیکردەوە، سیاسەتی وڵاتەکەیان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دوژمنایەتییانە، بەرگریکردن لە خۆیان و لە پلەی یەکەمیشدا پاراستنی گەلی ئێرانە.