سەید عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئێران بە پشتبەستن بەو لێکتێگەیشتنانەی لە خولی پێشوودا بەدەستهاتوون، بە پێداگرییەوە بۆ بەدەستهێنانی رێککەوتنێکی دادپەروەرانە لە کورتترین کاتی گونجاودا، دەگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا لە شاری جنێف.

عیراقچی ئاماژەی بەوە کرد کە دەرفەتێکی مێژویی لەبەردەمدایە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی بێوێنە کە نیگەرانییە هاوبەشەکان بڕەوێنێتەوە و بەرژەوەندیی هەردولا بپارێزێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە رێککەوتنەکە لەبەردەستە، بەڵام تەنیا لەو کاتەی کاری لەپێشینە بۆ دیپلۆماسی بێت. عیراقچی دوپاتیکردەوە کە تاران پێشتر سەلماندوویەتی بۆ پاراستنی سەروەریی خۆی بە ئازایەتییەوە دەوەستێتەوە، ئێستاش بە هەمان ئازایەتییەوە دەچێتە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە بۆ هەر ناکۆکییەک کە هەبێت.

ئەم پەیامانەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە کە وا بڕیارە رۆژی پێنجشەممە خولی نوێی گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتن لە جنێف دەستپێبکەنەوە، ئەوەش دوای زنجیرەیەک هەوڵی نێوەندگیریی سەڵتەنەتی عومان دێت بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە.