وەک هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی کاتی سوریا، دەیان زیندانی لە کۆبانێ ئازاد کران.

ئەمڕۆ، ئەنجومەنی دادوەریی کۆمەڵایەتی لە کۆبانی رایگەیاند، 66 زیندانییان لە زیندانی ناوەندیی شارەکە ئازاد کردووە.

پەیامنێری کوردسات نیوز لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنە دێت کە لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتی لە دیمەشق ئیمزاکراوە.

وتیشی، ئازادکراوەکان خەڵکی ناوچەکانی رەقە، دێرەزوور و جەزیرەن و ماوەی سزاکانیان جیاواز بووە.

لێپرسراوانی ئەنجومەنەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم کارە بۆ بەهێزکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، چەسپاندنی سەقامگیری و نیشاندانی پابەندیی لایەنەکانە بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن.