ئەمڕۆ هێلیکۆپتەرێکی هێزی سوپای ئێران لە پارێزگای ئەسفەهان کەوتەخوارەوە و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، هێلیکۆپتەرەکە لە کاتی مەشقێکی سەربازیدا لە ناو بازاڕی فرۆشتنی میوە و سەوزەی ناوچەی "دۆرچە" لە پارێزگای ئەسفەهان کەوتووەتە خوارەوە.

ئاماژەیان بەوەشکرد، جگە لە فڕۆکەوان و یاریدەدەری فڕۆکەوانەکە، دوو هاووڵاتیی مەدەنیش کە لە ناو بازاڕەکەدا بوون گیانیان لەدەستداوە، بەوەش کۆی قوربانییەکان گەیشتە چوار کەس.

ئاژانسی "ئیرنا" بڵاویکردەوە، کەوتنەخوارەوەکە بەهۆی "کێشەی تەکنیکییەوە" بووە و تیمەکانی فریاگوزاری توانیویانە ئەو ئاگرە کۆنتڕۆڵ بکەن کە لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەکە لە ناو بازاڕەکەدا دروستبووە.