هێزەکانی ئەمریکا، ئەمڕۆ دوشەممە، دەستیان بە پاشەکشە لە بنکەی "قەسرەک" کرد کە یەکێکە لە بنکە سەرەکییەکانیان لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا.

سەرچاوەیەکی کوردی بە ئاژانسی "فرانس پرێس"ی راگەیاندووە، پرۆسەی گواستنەوەی زرێپۆش و کەرەستە سەربازی و لۆجستییەکان لە بنکەی قەسرەکەوە کە بنکەی ناوەندیی هێزەکانی هاوپەیمانانە، بەرەو خاکی عیراق دەستیپێکردووە.

پەیامنێرانی ئاژانسەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە دەیان بارهەڵگری، هەڵگری ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و ژوری پێشوەختە دروستکراو، بە یاوەری فرۆکەی جەنگی، بینراون کە بە رێگەی نێودەوڵەتی "M4"دا تێپەڕ دەبن. ئەم رێگەیە پارێزگای حەسەکە، کە بنکەی قەسرەکی لێیە، بە هەرێمی کوردستانەوە دەبەستێتەوە.

ئەم هەنگاوەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی دو هەفتەی رابردوودا دو بنکەی دیکەی سەربازیی خۆیان لە ناوچەکە چۆڵ کردبو.