ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی هەفتانەیدا رایگەیاند، تاران خەریکی کۆکردنەوە و داڕشتنی کۆتا دیدگا و پێشنیارەکانیەتی بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی و هیوادارن لە دو بۆ سێ رۆژی داهاتودا خولێکی دیکەی گفتوگۆکان دەستپێبکات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە هەمو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە "رێککەوتنی کاتی" دەکەن و وتی: "رێککەوتنی کاتی هیچ بنەمایەکی نییە و تەنها پێشبینی میدیاییە." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران بەدوای دابینکردنی مافە نەتەوەییەکانی و لابردنی سزاکانە و هەر تێگەیشتنێک قبوڵ دەکەن کە ئەو ئامانجانە بپێکێت.

سەبارەت بە هەڕەشە سەربازییەکانی ئەمریکا هاوکات لەگەڵ گفتوگۆکان، بەقایی وتی: "ئەگەر هەڕەشەکان ببنە جەنگ، جەنگاوەرانی ئێمە وەڵامیان دەبێت و هێزەکانمان بە چاوی کراوەوە 24 سەعات ئامادەی بەرگرین." جەختیشی کردەوە کە دیپلۆماتکارانی ئێران بەبێ گوێدانە ئەو هەڕەشانە بەردەوام دەبن لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵات، بەڵام ئەگەر هەست بکەن لایەنی بەرانبەر فێڵ دەکات، هەڵوێستی گونجاو وەردەگرن.

بەقایی ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیارەکەی پەرلەمانی ئێران بۆ ناساندنی هێزە ئەوروپییەکان وەک "تێرۆریست" وەک پەرچەکردارێک بوە دژی هەنگاوەکەی یەکێتی ئەوروپا. رایگەیاند کە لەمەودوا "نەفەس و روانینی ئێمە بۆ هێزە ئەوروپییەکان لە ناوچەکەدا دەگۆڕێت و وەک تێرۆریست مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت."

لەبارەی ئەگەری قبوڵکردنی چاودێریی وردتری ئاژانسی ئەتۆمی، وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوە دوپاتیکردەوە کە جێبەجێکردنی "پرۆتۆکۆڵی زیادکراو" کارێکی ئارەزومەندانەیە و تەنها کاتێک ئەنجام دەدرێت کە لە بەرانبەردا "دەستکەوتی ملموس" لە لابردنی سزاکاندا هەبێت.

سەبارەت بە ناساندنی رەسمی حکومەتی تالیبان لە ئەفغانستان، بەقایی وتی کە پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای رێزی متقابل بەردەوامن و کێشە هاوبەشەکانی وەک ئاو و مادە هۆشبەرەکان و ناەمنی تاوتوێ دەکەن، بەڵام پرسی ناساندنی رەسمی بابەتێکی سیاسی و سەروەرییە و هەر کاتێک بڕیاری لەسەر بدرێت رادەگەیەنرێت.