محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عیراق، پێشوازی لە تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی وڵاتەکەی بۆ کاروباری سوریا کرد. لە کۆبوونەوەکەدا، پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دۆخی گشتیی ناوچەکە تاوتوێ کرا.

وەک ئەوەی نووسینگەی راگەیاندنی سودانی و تۆم باراک بڵاویانکردووەتەوە خاڵە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بریتی بوون لە:

سەقامگیریی سوریا: هەردوولا جەختیان لە گرنگیی سەقامگیرکردنی دۆخی سوریا کردەوە وەک بەشێکی سەرەکی لە ئاسایشی ناوچەکە. تۆم باراک کۆبوونەوەکەی بە "بەرهەمدا" وەسف کرد و ئاماژەی بەوە دا کە ئامانجەکانی عیراق بۆ بونیاتنانی داهاتوویەکی سەروەر، هاوتەریبە لەگەڵ پلانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئاشتی لە ناوچەکەدا.

رێگری لە گرژییەکان: باس لە پێویستیی پەنابردن بۆ دیالۆگ و ڕێگە دیپلۆماسییەکان کرا بۆ رێگریکردن لە تەقینەوەی دۆخی ناوچەکە.

هاوکاریی ئابووری: هەردوولا دەرفەتەکانی هاوکاریی ئابووری و پشتگیریکردن لە گەشەپێدانی گشتگیریان وەک بنەمایەک بۆ سەقامگیریی درێژخایەن تاوتوێ کرد.

پەیامی سودانی: سەرۆکوەزیرانی عیراق لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی ریشەیی کێشە قووڵەکانی ناوچەکە کردەوە، نەک تەنیا چارەسەری کاتی. سودانی رایگەیاند کە پێویستە رێگری لە هەر جۆرە دەستدرێژی و پێشێلکارییەک بۆ سەر سەروەریی وڵاتان و گەلانی ناوچەکە بکرێت.