پزیشکیان: چاودێری وردی هەنگاوەکانی ئەمریکا دەکەین
محەمەد رزگار
٢٢ی شوباتی ٢٠٢٦
ئێران خۆی بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادەکات و سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەش دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بە ئەرێنی وەسف دەکات.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی تاران و واشنتن رایگەیاند، وڵاتەکەی پابەندە بە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، بەڵام هاوکات چاودێری وردی هەنگاوەکانی ئەمریکاش دەکەن.
سەرۆک کۆماری ئێران ئاشکرایکرد، لە خولەکانی ئەم دواییەی دانوستانەکاندا چەندین پێشنیازی کردەیی لەنێوان هەردوولادا گۆڕدراونەتەوە.
پزیشکیان ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئاماژەی هاندەر و ئەرێنی" لە گفتوگۆکاندا بەدی کراون، کە هیوا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان دروست دەکەن.
سەرەڕای لایەنی دیپلۆماسی، مەسعود پزیشکیان جەختی لەسەر لایەنە ئەمنییەکە کردەوە و رایگەیاند، بە وردی چاودێری هەموو کردەوە و جوڵەکانی ئەمریکا دەکەین.
ئەوەشی خستەڕوو، ئێران هەموو ئامادەکارییەکی پێویستی بۆ هەر ئەگەر و سیناریۆیەک کردووە کە بێتە پێشەوە.
ئەم پەیامەی پزیشکیان لە کاتێکدایە کە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامن و تاران دەیەوێت لە رێگەی دیپلۆماسییەوە هاوسەنگییەک لە نێوان مافە ئەتۆمییەکانی و دوورکەوتنەوە لە جەنگ دروست بکات.



