میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردوەتەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هۆشداریی داوە لە بڵاوبوونەوەی زانیاریی چەواشەکارانە سەبارەت بە سوودمەندبوونی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە "مافی هیوا" و جەختیکردوەتەوە دەنگۆی ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان راست نییە.

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانی تورکیا، سەرۆک کۆماری تورکیا رێنمایی راوێژکار و بەرپرسانی پارتەکەی کردووە،کە بە روونی بۆ هاووڵاتیانی روون بکەنەوە، کە هیچ جۆرە هەموارکردنەوەیەکی یاسایی  تایبەت بە کەسیک ئەنجام نادرێت و دەنگۆی ئازاد کردنی ئۆجەلانیش دورە لە راستییەوە.

ناوبرا جەختیشیکردوەتەوە، "شتێکی لەو شێوەیە نابێت" و دەبێت زۆر وریای ئەو تێگەیشتنە هەڵانە بن، کە لە ناوەندەکاندا دروست بووە، دڵنیابن  دەوڵەت هەنگاوی تایبەت بۆ کەسێکی دیاریکراو نانێت.

لەبارەی رێکەوتنەکەشیانەوە بۆ چەکدانانی پەکەکە، ئاماژەی بەوەکردوە،  تەنها باس لە چوارچێوەیەکی گشتی بۆ "تورکیایەکی بێ تیرۆر" و رەوشی ئەو چەکدارانە دەکرێت کە چەک دادەنێن.

ئەمە لە کاتێكدایە، لە چەند رۆژی رابردودا سەرۆکی بۆردی سیاسەتی یاسایی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا و  ر‌اوێژکاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، پشتیوانیی خۆی بۆ لێدوانێکی فەتی یڵدز، جێگری سەرۆکی گشتیی مەهەپە لەبارەی "مافی هیوا" بۆ زیندانیان دەربڕی و ر‌ایگەیاند، "عەبدوڵڵا ئۆجالانیش دەکەوێتە چوارچێوەی ئەو زیندانیانەدایە.