ئاژانسی هاوار: تەنها شەوی رابردوو، لە سوریا 11 روداوی کوشتن تۆمار کراون
بڵند
٢٢ی شوباتی ٢٠٢٦
ئاژانسی هاوار بڵاویکردوەوە، شەوی رابردوو سوریا، شەوێژی خوێناوی و پڕ لە ترس و ئاڵۆزیی بەڕێکردوە و 11 تاوان و روداوی ئەمنی جۆراوجۆر تۆمارکراوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، لە پارێزگای حومس، زنجیرەیەک کارەساتی یەک لەدوای یەک رویاندا؛ لەوانە گیانلەدەستدانی منداڵێک بەناوی "بەراء" بەهۆی شێلانی لەلایەن ئۆتۆمبێلێکی ئەمنییەوە، هەروەها کوژرانی گەنجێک بەناوی "قەیس خەدوور" لەناو دوکانەکەیدا.
یەکێکی تر لە دڵتەزێنترین روداوەکان، خۆکوشتنی کچە گەنجێک بوو بەناوی "جولیا ئەلسالم" کە دوای رفاندنی باوکی و بینینی گرتە ڤیدیۆییەکانی ئەشکەنجەدانی، خۆی لە باڵکۆنی ماڵەکەیان فڕێداوەتە خوارەوە.
ئاژانەسە ئاماژەی بەوەکردوە، توندوتیژییەکان روویان لە هێزە ئەمنییەکان و میدیاکارانیش کردووە؛ لە گوندەکانی رەقە و ناوچەی سلۆک، چوار کارمەندی ئەمنی و سەربازی لە ئەنجامی هێرشی چەکداری کوژران.
هەروەها دۆزینەوەی تەرمی رۆژنامەنووس "عەلا محەمەد"، لە ماڵەکەی خۆیدا، کە شوێنەواری فیشەک بە جەستەیەوە بوە، روداوێکی تری شەوی رابردی سوریا بووە.
ئەم شەپۆلە نوێیەی توندوتیژی لە پارێزگاکانی دێرەزور، حومس و رەقە، نیشانەیەکی مەترسیدارە بۆ تێکچوونی زیاتری باری ئەمنی و بێدەسەڵاتی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و جڵەوکردنی ئەو پاشاگەردانییە ئەمنییەی باڵی بەسەر سوریادا کێشاوە.



