وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی پاکستان چەند ناوچەیەکی مەدەنییان لە ویلایەتەکانی "نەنگەرهار" و "پەکتیکا" بۆردومان کردووە بەهۆیەوە  بە دەیان هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و  ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون.

​درەنگانێکی شەوی رابردوو، سوپای ئاسمانی پاکستان رایگەیاند بۆردمانێکی چڕی حەوت پێگەی تاڵیبانی ئەفغانستان و داعشیان، لە ناو  خاکی ئەفغانستاندا کردوە.

بەرەبەیانی ئەمرۆ لە راگەیەندراوێکی رەسمیدا، وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان بە توندی سەرکۆنەی بەزاندنی ئاسمانی وڵاتەکەی کرد و ئەم کارەی پاکستانی بە پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی دراوسێیەتی  وەسف کردوە، هەروەها هەڕەشەی وەڵامدانەوەش دەکات لە کاتی گونجاودا.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەیان بەوەشکردوە، کە سوپای پاکستان بەرپرسیارە لە بە ئامانجگرتنی هاووڵاتیانی مەدەنی و ناوەندە ئایینییەکان لەو ناوچانەدا.

وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی کردە و دەڵێت؛ "لە کاتێکی گونجاودا و بە شێوازێکی گونجاو و لێکۆڵینەوە بۆ کراو، وەڵامی ئەم هێرشانەی پاکستان دەدەینەوە."