پزیشکیان: حکومەت بۆ سەربەرزی ئێران بەڵێنی قوربانیدانی داوە و سەر بۆ گوشارەکان نەوی ناکات
بڵند
٢١ی شوباتی ٢٠٢٦
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە ڕێوڕەسمی رێزلێنان لە مەدالیاوەرانی ئۆڵۆمپیاد جەختی لەسەر پابەندبوونی حکومەتەکەی بۆ خزمەتکردنی وڵات کردەوە و رایگەیاند، کە ئەوان پەیمانیان بەستووە تا دوا هەناسە بۆ عیزەت و سەربەرزی ئێران تێبکۆشن.
پزیشکیان ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەرکی سەرەکی حکومەت لەم قۆناغەدا "ساڕێژکردنی برینەکانی کۆمەڵگە" و یەکخستنی ریزەکانە، هەروەک چۆن پاڵەوانە وەرزشییەکان لە مەیدانی رکابەریدا کۆڵ نادەن، حکومەتیش لە بەرانبەر گوشارە "ناجوامێرانەکان" و کێشە ناوخۆییەکاندا سەر دانانەوێنێت.
ناوبرا جەختیکردەوە، هێزە دەرەکییەکان هەوڵدەدەن ناچاریان بکەن خۆیان رادەست بکەن، بەڵام ئەوە رونادات و بەرگەی سەختییەکان دەگرن.
سەرۆک کۆماری ئێران، لە بەشێکی تری قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ئەوەی، کە تەنها رێگە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و سەرکەوتن بەسەر دوژمناندا، گەڕانەوەیە بۆ "یەکڕیزی نیشتمانی و یەکدەستی".
ئەو دووپاتی کردەوە کە ئەرکی حکومەتە زەمینەی گەشەکردنی زیاتر بۆ گەنجان و پاڵەوانان بڕەخسێنێت و دڵنیایی دا کە بە خۆڕاگری گەل، ئێران لەم رەوشە پڕ لە گۆڕانکارییە بەسەرکەوتوویی تێدەپەڕێت.



