دوای ماوەیەک لە وەستان، گۆڕانکاریی نوێ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی قامیشلۆ دەبینرێت و ئامادەکارییەکان بۆ کاراکردنەوەی فڕۆکەخانەکە دەستیان پێکردووە.

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند: فڕۆکەیەکی بارھەڵگر لە دیمەشقەوە هاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی قامیشلۆ و بەسەلامەتی نیشتەوە.

وتیشی، فڕۆکەکە کۆمەڵێک ئامێر و کەرەستەی تەکنیکی پێشکەوتووی هەڵگرتبوو، کە تایبەتن بە پێداویستییەکانی فڕۆکەخانە.

جێگەی ئاماژەیە، هێنانی ئەم کەرەستە تەکنیکییانە وەک ئامادەکارییەک دێت بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان و خستنەگەڕی تەواوەتی فڕۆکەخانەکە لە ئاینده‌یەکی نزیکدا.

ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە دانیشتووانی ناوچەکە و دەوروبەری چاوەڕێی ئاساییبوونەوەی گەشتە ئاسمانییەکان دەکەن بۆ ئاسانکاری لە هاتووچۆ و گواستنەوەی پێداویستییە پزیشکی و بازرگانییەکان.