عەباس عراقچی: تەنیا رێگە بۆ چارەسەری پرسی ئەتۆمی ئێران دیپلۆماسی و دانوستانە
بڵند
٢٠ی شوباتی ٢٠٢٦
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی بە هەوڵی زانایانی ناوخۆیی پەرەی پێدراوە و بە هێرشی سەربازی یان بۆردومان لەناو ناچێت، ئاماژەی بەوەشکرد هیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەمان نییە و ناتوانن لە ناوی بەرن و گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەمریکا لە جنێڤ زۆر باش بوون.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیکردوەتەوە، کە پێشتر هێرشی بەرفراوان کراوەتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانیان، بەڵام نەیانتوانیوە لەناوی بەرن یاخود پەکی بخەن و دوپاتیشیکردەوە ئەوان بۆ شەڕ و ئاشتی ئامادەن.
ناوبراو دەشڵێت؛ تەنیا رێگە بۆ دڵنیابوون لە ئاشتیانەبوونی پڕۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم، پەنابردنە بۆ دانوستان و چارەسەری دیپلۆماسی، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ واشنتۆن لەسەر کۆمەڵێک بنەمای سەرەکی گفتوگۆ دەکەن سەبارەت بە رێوشوێنەکانی دروستکردنی متمانە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەیان، هەروەها هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکراشی کردوە ، کە ئێستا گفتوگۆکان لەسەر چۆنیەتی دروستکردنی متمانە و گەرەنتی مانەوەی بەرنامەکە بە شێوەیەکی ئاشتیانە لە بەرانبەر هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران بەردەوامن.



