10 وڵات داوا لە هاووڵاتیانیان دەکەن دەستبەجێ ئێران جێبهێڵن
راهۆز
١٩ی شوباتی ٢٠٢٦
لەگەڵ هەڵکشانی گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکە و مەترسیی سەرهەڵدانی پێکدادانی چەکداری، ژمارەی ئەو وڵاتانەی داوا لە هاووڵاتیانیان دەکەن دەستبەجێ خاکی ئێران جێبهێڵن روی لە زیادبوون کردووە و تا ئێستا گەیشتووەتە 10 وڵات.
دۆناڵد تسک، سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا، یەکێک بوو لەو سەرکردانەی هۆشداریی دا و رایگەیاند، "تەنیا چەند سەعاتێکی کەم ماوە بۆ گەشتکردن و چوونە دەرەوە لە ئێران"، داواشی لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کرد بەبێ دواکەوتن رێگەی دەربازبوون بگرنە بەر، چونکە ئەگەری هەیە هەموو جۆرە هاتووچۆیەکی ئاسمانی و زەمینی رابگیرێت.
جگە لە پۆڵەندا، هەریەکە لە وڵاتانی (ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا و ئوسترالیا) بە رەسمی داوایان لە هاووڵاتیانیان کردووە نەک هەر گەشت بۆ ئێران نەکەن، بەڵکو ئەوانەشی لەوێ نیشتەجێن خێرا وڵاتەکە جێبهێڵن. لە ئەوروپاشەوە، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و ئیسپانیا هۆشداریی هاوشێوەیان داوە و نیگەرانیی خۆیان لە ئەگەری پەرەسەندنی کتوپڕی سەربازی و دەستگیرکردنی هاووڵاتیانی بیانی دەربڕیوە. هەروەها وڵاتانی وەک هیندستان و قوبرس ئاستی ئامادەباشییان بۆ بەرزترین پلە بەرزکردووەتەوە.
ئەم شەپۆلە لە هۆشداریی دیپلۆماسی لە کاتێکدایە کە ئەمریکا هێزێکی سەربازیی گەورەی لە ناوچەکەدا جێگیر کردووە. شارەزایانی سیاسی پێیان وایە ئەم جۆرە هەنگاوە هەماهەنگیکراوانەی وڵاتان، ئاماژەیەکی پێشوەختەن بۆ ئەگەری ڕوودانی ناسەقامگیریی قووڵ لە ناوچەکەدا، هەرچەندە هێشتا دەرگای دیپلۆماسی بە تەواوی دانەخراوە.



