سەرەڕای ئەرێنی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە نمایشی هێزەکانیان بەردەوامن
هەساو ئەمیر
١٧ی شوباتی ٢٠٢٦
لەلایەک دانوستان و لەلایەکی دیکە نمایشی هێز، ئەمریکا و ئێران دووەم خولی دانوستانی نێوانیان بە بەرهەمهێن و ئەرێنی ناودەبەن، لەگەڵ ئەوەشدا هەریەک بە جیا بە نمایشی چەک و فڕۆکەکانیان قۆڵ و بازووی خۆیان دەردەخەن.
دوێنێ لە شاری ژنێڤی سویسرا خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەچوو و دوای کۆتاییهاتنی دانوستانەکەش، هەردوو وڵات ئەنجامەکانی بە ئەرێنی دادەنێن، جەی دی ڤانسی جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: ئەگەرچی هێشتا تاران ئامادە نەبوو سازش لەسەر هەندێك بابەت بكات کە بەلای ئەمریکاوە هێڵی سورە، بەڵام دانوستانەكان لە زۆر لایەنەوە بە باشی بەڕێوەچوون.
عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش رایگەیاند، پێشكەوتنی ئەرێنیی هەیە و لەگەڵ ئەمریكا گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتن و ئێستا رێڕەوی گفتوگۆکان روونن.
بەپێی ئەنجامی دانوستانەکە بڕیارە هەردوولا کار لەسەر رەشنووسی رێککەوتن بکەن و پێشکەش بە یەکتری بکەن.
سەرەڕای ئەو لێدوانانە، بەڵام هەردوولا لە نمایشی هێزەکانیان بەردەوامن. ئەمریکا لەماوەی 24 سەعاتدا زیاتر لە 50 فڕۆكەی جەنگیی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەراست كردووە، ئێرانیش مانۆڕی لە گەرووی هورمز دەستپێکردووە باس لەوە دەکات، چەکی شاراوەیان هەیە.
جیاواز لەو بابەتانە، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز چەند خاڵێکی دانوستانەکانی ئاشکرا کردووە و ئاماژەی بەوەکردووە، ئێران ئامادەیی دەربڕیوە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆماوەی پێنج ساڵ رابگرێت و لەماوەی خولی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپدا پەیوەندی بە بلۆکێکی ناوچەییەوە بکات بۆ پیتاندنی مەدەنیانەی یۆرانیۆم، کە کاروباری وزەی وڵاتەکەی خۆی پێ بەڕێوە ببات.
ئاشکراشیکردووە، ئێران رازی بووە رێژەی کۆگاکردنی یۆرانیۆم لە وڵاتەکەیدا کەمبکاتەوە، هەموو ئەوانەشی لەپێناو هەڵگرتنی سزا دارایی و ئابورییەکان و لابردنی گەمارۆی سەر نەوتەکەی کردووە، هاوکات، ئێران پێشنیازی بۆ ئەمریکا کردووە کە دەست بکات بە وەبەرهێنان لە وڵاتەکەیدا، بەتایبەتیش لە کەرتی نەوت و وزەدا.
هەر لێدوان و جوڵەیەکی ئەو دوو وڵاتە گۆڕانکاریی لە سەکۆ ئابورییەکانی جیهاندا دروست دەکات و ئێستاش چاوەکان زیاتر لەسەر بەڕێوەچوونی خولێکی نوێی دانوستانەکانن. ڕای جیاواز میدیاکانی جیهانی کردووە بە دوو بەشەوە و بەشێکیان پێیان وایە رێککەوتن ئەستەمە، بەشێکی دیکەشیان باس لەوە دەکەن، ئەمریکا و ئێران نایانەوێت خۆیان بخەنە جەنگێکی نوێوە، کە جیاواز لە پرسی قوربانی مرۆیی و ئاوەرەبوونی بەلێشاوی هاووڵاتیانی ئێران، کە پشکی شێری بەر ئەوروپا دەکەوێت، تێچووی داراییشی بۆ هەردوولا زۆرە.



