راپۆرتی کۆتایی پرۆسەی کۆمسیۆنی ئاشتی پەسەندکرا
راهۆز
١٨ی شوباتی ٢٠٢٦
کۆمیسیۆنی "یەکێتی نیشتمانی، هاوپشتی و دیموکراسی" لە پەرلەمانی تورکیا، ڕاپۆرتی کۆتایی پڕۆسەی ئیمرالی کە پێشنیازی یاسایی بۆ چارەسەری لەخۆ دەگرێت، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەسەند کرد.
لە کۆی 50 ئەندامی کۆمیسیۆنەکە، 47 ئەندام کە نوێنەرایەتی زۆربەی حزبە سەرەکییەکانی وەک (ئاکپارتی، جەهەپە، مەهەپە، دەم پارتی، هوداپار و چەند لایەنێکی دیکە) دەکەن دەنگی "بەڵێ"یان بە ڕاپۆرتەکە دا. تەنیا دوو ئەندام لە پارتی کرێکارانی تورکیا (TİP) و پارتی ڕەنج (EMEP) دەنگی "نەخێر"یان دا، و تورکان ئێڵچی لە فراکسیۆنی جەهەپەش دەنگی "بێلایەن"ی بەکارهێنا. بە پەسەندکردنی ئەم ڕاپۆرتە، ئەرکی کۆمیسیۆنەکە کۆتایی هات و ڕێگە بۆ هەموارکردنەوەی هەندێک یاسا لە تورکیا خۆش دەبێت.
هاوکات لەگەڵ پەسەندکردنی ڕاپۆرتەکە، دەم پارتی پەیامێکی نوێی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی بڵاوکردەوە کە لە دوای کۆبوونەوەی 16ـی شوبات لەگەڵ وەفدێکی ئەو پارتە نووسیویەتی. ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا جەخت لەسەر چەمکی "هاووڵاتی ئازاد" دەکاتەوە و دەڵێت دەبێت مرۆڤ لە ئایین، نەتەوە و بیرکردنەوەیدا ئازاد بێت. سەبارەت بە پرسی خۆبەڕێوەبەریش، ئاماژەی بەوە کردووە کە داوای دەوڵەتی جیاواز ناکات، بەڵکو دەکرێت "پەیماننامەی ئەوروپی بۆ خۆبەڕێوەبەری ناوخۆیی" بکرێتە بنەما بۆ مۆدێلێکی گونجاو لەگەڵ ڕاستییەکانی کۆمەڵگە، ئەوەش لە چوارچێوەی سنوورە دیموکراتییەکان و پاراستنی یەکپارچەیی دەوڵەتدا.



