كۆمسیۆنی ئاشتی پەرلەمانی تورکیا کۆدەبێتەوە و بڕیار وایە دەنگ لەسەر کۆتا راپۆرتی کۆمیسۆنەکە بدرێت و تاکە رێگر لەبەردەم کۆمیسیۆنەکەدا هەوڵەکانی دەم پارتیە بۆ مسۆگەرکردنی "مافی هیوا" بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان.

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، سەعات 11:00ی پێشنیوەڕۆی کۆمسیۆنی "دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانی" بە سەرپەرشتی نوعمان کورتولمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، حەوتەمین کۆبوونەوەی خۆی بۆ دەنگدان لەسەر راپۆرتی کۆتایی پرۆسەی ئاشتی ئەنجام بدات.

لەم کۆبوونەوەیەدا کە نوێنەرانی ئاک پارتی، دەم پارتی، جەهەپە، مەهەپە و رێگەی نوێ تێیدا بەشدارن، بڕیار لەسەر چارەنووسی راپۆرتێک دەدرێت کە پاش درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنەکە بۆ دوو مانگ ئامادە کراوە.

چاوەڕوان دەکرێت پەسندکردنی راپۆرتەکە پرۆسەی ئاشتی بخاتە قۆناخێکی نوێوە، بەڵام هەوڵەکانی دەم پارتی بۆ مسۆگەرکردنی "مافی هیوا" بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، وەک ئاستەنگێکی جددی لەبەردەم کۆدەنگی لایەنەکان و دەنگدان بە راپۆرتەکە دەبینرێت.

 

کۆمیسۆنی ئاشتی،  لە ئابی 2025 دا بە بەشداری سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی پەرلەمانی تورکیا پێکهێنراو  سەرەڕای کۆتایی هاتنی تەمەنەکەی، بەهۆی تەواو نەبوونی کاروچالاکییەکانی دوو مانگ بۆ تەمەنی کۆمیسۆنەکە درێژکرایەوە، بە مەبەستی تەواوکردنی کارەکانی .