عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە گەڕی دووەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی جنێڤدا لەگەڵ لایەنی ئەمریکی، توانیویانە لەسەر کۆمەڵێک بنەمای سەرەکی بگەنە لێکگەیشتنێکی گشتی بۆ ئەوەی لە هەنگاوەکانی داهاتوودا دەست بە نووسینەوەی دەقی رێککەوتنێکی نوێ بکرێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، ئەم گەڕەی گفتوگۆکان بەراورد بە گەڕی پێشوو زۆر جددیتر بووە و کەشێکی سازێنەرتر هەبووە. عراقچی وتی: "ئەمە بەو مانایە نییە کە بە خێرایی دەگەینە رێککەوتن، بەڵام لانیکەم رێگاکە دەستی پێکردووە. ئێمە وێنەیەکی روونترمان لەبەردەستە بۆ ئەوەی بزانین دەبێت چی بکەین." جەختیشی کردەوە کە کاتێکی دیاریکراو بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو دانەنراوە، بەڵکو بڕیارە هەردوولا کار لەسەر دەقە پێشنیازکراوەکان بکەن و ئاڵوگۆڕی بکەن، پاشان وادەی گەڕی سێهەم دیاری بکرێت.

عراقچی وتیشی، هەرچەندە هێشتا هەردوولا خاوەنی هەڵوێستی جیاوازن و نزیکبوونەوەیان کاتی دەوێت، بەڵام ئێستا رێگاکە روونترە. هاوکات باسی لەوەش کرد کە رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی ئەتۆم، لە جنێڤ گفتوگۆی تەکنیکی باشی لەگەڵ لایەنی ئێرانی و ئەمریکی ئەنجام داوە، ئەمەش هاوکار بووە بۆ بەرەوپێشبردنی دانوستانەکان.