ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، گەڕی دووەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە جنێڤ کۆتایی هات، بێ ئەوەی وردەکاریی ئەنجامەکان ئاشکرا بکرێن.

وەفدی هەردوو وڵات باڵوێزخانەی عومانیان لە جنێڤ جێهێشت کە شوێنی بەڕێوەچونی گفتوگۆکان بوو. ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، تاران بە جددییەت و "حوسنی نییەت"ەوە بەشداریی کردووە و ئامادەیە بۆ ماوەی چەندین هەفتەش لە جنێڤ بمێنێتەوە تاوەکو دەگاتە ڕێککەوتن. ئاماژەی بەوەش کرد کە لایەنی ئێرانی نیگەرانییەکانی خۆی لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاکان بە ئەمریکا گەیاندووە و ئامادەیی رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی ئەتۆمیشی لە جنێڤ بە "بەسوود" وەسف کرد.

هاوکات، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران لە کاردانەوەی بەرانبەر هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، پێشوەختە بڕیاردان لەسەر ئەنجامی دانوستانەکان هەڵەیە. خامنەیی ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی توانای نوقمکردنی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکای هەیە و جەختی کردەوە کە مەودای موشەکەکانی ئێران بابەتێکی ناوخۆییە و پەیوەندی بە واشنتنەوە نییە.

لە بەرانبەردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە بە ناڕاستەوخۆ بەشداریی دانوستانەکان دەکات و هیوای خواست تاران لە گفتوگۆکاندا "عاقڵانەتر" رەفتار بکات. ئێران جەخت دەکاتەوە کە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و هەڵگرتنی تەواوی سزاکان هێڵی سوورن و سازشیان لەسەر ناکرێت.