ئێران بەشێکی گەرووی هورمز دادەخات
راهۆز
١٧ی شوباتی ٢٠٢٦
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، ئێران وەک رێکارێکی خۆپارێزی لە کاتی مانۆڕە سەربازییەکانی سوپای پاسداران، بەشێکی گەرووی ستراتیژی هورمز دابخات.
میدیای رەسمی ئێران بڵاوی کردەوە، داخستنی بەشێکی گەرووەکە بۆ پاراستنی سەلامەتی دەریاوانییە لە کاتی مانۆڕەکاندا و تەنیا بۆ ماوەی "چەند سەعاتێک" بەردەوام دەبێت. ئەم مەشقە سەربازییانە دوای ئەوە دێن کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێزێکی دەریایی گەورەی لە ناوچەکە جێگیر کردووە، ئەوەش وەک فشارێک بۆ سەر تاران تاوەکو بگاتە ڕێککەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان و نزیکەی چارەکێکی نەوتی گواستراوە و پێنج یەکی گازی سروشتی جیهانی پیادا تێپەڕ دەبێت. هەرچەندە بەرپرسانی ئێران چەندین جار هەڕەشەی داخستنی ئەو گەرووەیان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە تەواوی دانەخراوە. لەو بارەیەوە عەلی ڕەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، هەر بڕیارێک بۆ داخستنی تەواوەتی گەرووەکە، پەیوەستە بە بڕیاری سەرکردایەتی باڵای وڵاتەکەیەوە.



