لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی، خولێکی تری دانوستانەکان لە نێوان ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیری عوممان بەڕێوەدەچێت، تارانیش دەڵێت؛ دانوستانەکان تەنها تایبەتن بە دۆسیەی ئەتۆمی.

میدیاکانی ئێران  ئاشکرایانکرد، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ گەڕێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و بە نێوەندگیری عوممان لە شاری ژنێف دەستیپێدەکات.

ئاماژەیان بەوەشکرد، کۆبوونەوەکان لە باڵیۆزخانەی عوممان لە ژنێف و بە سەرپەرشتی، وەزیری دەرەوەی عوممان، وەک نێوەندگیر لە نێوان وەفدەکانی هەردوو وڵات بەڕێوەدەچێت.

هاوکات لێپرسراوانی ئێران جەخت دەکەنەوە کە "هەڵگرتنی تەواوی سزاکان" مەرجێکی بنەڕەتی و دانەبڕاوە لە هەر پرۆسەیەکی دیپلۆماسی، بۆ ئەم مەبەستەش وەفدێکی گەورەی پسپۆڕانی ئابوری و تەکنیکی هاوکاری تیمی دانوستانکاری ئێران دەکەن.

میدیاکانی ئێران راشیانگەیاندووە، تاران تەنها بەو مەرجە رەزامەندی لەسەر دەسپێکردنەوەی دانوستانەکان داوە کە تەنها باس لە "دۆسیەی ئەتۆمی" بکرێت و هیچ پرسێکی تری دەرەوی ئەو بابەتە نەخرێتە سەر مێزی گفتوگۆکان.

جێگەی ئاماژەیە، ئەم گەڕەی دانوستانانە لە کاتێکدایە کە هەردوولا لە ژێر فشارێکی زۆردان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی سەرەتایی، بەتایبەت دوای ئەو پەیامانەی کە تاران لە لایەنی بەرانبەرەوە پێی گەیشتووە و تێیدا جەخت کراوەتەوە کە دۆسیەی ئەتۆمی تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان دەبێت.