سوپای پاسداران مانۆڕی كۆنترۆڵی زیرەكیی لە گەروی هورمز دەستپێكرد
١٦ی شوباتی ٢٠٢٦
سوپای پاسدارانی ئێران مانۆڕێكی دەریایی فراوانی بە ناوی كۆنترۆڵی زیرەكیی گەروی هورمز لە ناوچە ستراتیژییەكانی كەنداو و دەریای عومان دەستپێكرد.
سوپای پاسداران بڵاویكردەوە، مانۆڕەكە لە گەروی هورمز بە سەرپەرشتی ژەنڕاڵ محەمەد پاكپور فەرماندەی سوپای پاسداران بەڕێوەدەچێت و ئامانجی سەرەكییەكەی هەڵسەنگاندنی ئامادەیی ئۆپراسیۆن و روبەڕوبوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەكانە لەو رێڕەوە گرنگەی وزەی جیهاندا.
ئەو مانۆڕ سەربازییەی ئێران تەنها یەك رۆژ پێش دەستپێكردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییە ناڕاستەوخۆكانە لەگەڵ ئەمریكا كە لە ژنێف بەڕێوەدەچێت.
چەمكی كۆنترۆڵی زیرەك كە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لەو مانۆڕەدا بەكارهێنراوە، ئاماژەیە بۆ تێكەڵكردنی تەكنەلۆژیای نوێ و ستراتیژی سەربازیی بۆ چاودێریكردن و دەسەڵات بەسەر گەروی هورمز و مەبەست لێی ئەوەیە تاران تەنها پشت بە هێزی مرۆیی و كەشتییە جەنگییەكان نابەستێت، بەڵكو سیستمی راداری پێشكەوتوو، درۆنەكان و مانگی دەستكرد بەكاردەهێنێت بۆئەوەی لە هەر چركەیەكدا بزانێت كێ لە ناو گەروی هورمزدایە.



