عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئێستا بە کۆمەڵێک بیرۆکەی کردەییەوە لە جنێڤە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە، بەڵام جەختی کردەوە کە تەسلیمبون لەبەردەم هەڕەشەکاندا لە کارنامەی وڵاتەکەیدا نییە.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ تیمی پسپۆڕانی ئەتۆمی، چاوی بە رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەکەوێت بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی تەکنیکی ورد. عراقچی وتیشی: "بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە ئامادەین، بەڵام ژێربارکەوتن بۆ هەڕەشەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ نییە."

هاوکات، عراقچی بڕیارە پێش دەستپێکردنی دانوستانە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە بڕیارە سبەی سێشەممە بەڕێوەبچێت، لەگەڵ بەدر ئەلبوسەیدی، وەزیری دەرەوەی عومان کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکان.