سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ دووشەممە، کوژرانی ئەندامێکی حیزبوڵای لە ناوچەی حانین لە باشوری لوبنان راگەیاند، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ ئەوەی ناوی ناوە "پێشێلکردنی رێککەوتنی راگرتنی شەڕ".

سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکی کورتدا ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکە دوای ئەوە هات کە حیزبوڵا چەند جارێک لێکگەیشتنەکانی راگرتنی شەڕی پێشێل کردووە، بۆیە فڕۆکە جەنگییەکانیان ئەو ئەندامەی حیزبوڵایان لە باشوری لوبنان پێکاوە.

ئەم هێرشە لەکاتێکدایە کە بۆ چەندین جارە ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر حزبوڵا دوبارە دەکاتەوە و میدیاکانی لوبنانیش ئەمە بە پێشێلکردنی ئەو رێککەوتنە لێکدەدەنەوە کە لە مانگی نۆڤەمبەری 2024ەوە چوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

میدیاکانی ئەو وڵاتە ئاشکرای دەکەن؛ کە بەهۆی ئەو هێرشانەوە سەدان کەس کوژرا و بریندار بوون. هاوکات تەل ئەبیب بەردەوامە لە کۆنترۆڵکردنی پێنج گردی ستراتیژی لە ناو خاکی لوبنان کە لە کاتی جەنگی دواییدا دەستی بەسەردا گرتون.

جێی ئاماژەیە، ئیسرائیل لە سەرەتای هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان لە ئۆکتۆبەری 2023، زیاتر لە 4 هەزار کەسی کوشتووە و نزیکەی 17 هەزار کەسی دیکەش بریندار بون، ئەو جەنگە گشتگیرەی لە سێپتەمبەری 2024 دەستی پێکرد، تەنیا دوای واژۆکردنی رێککەوتنی راگرتنی شەڕ کۆتایی هات.