ترەمپ: ئەندامانی ئەنجومەنی ئاشتی بەڵێنیانداوە زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار بۆ غەززە دابینبكەن
لاوان
١٥ی شوباتی ٢٠٢٦
ترەمپ جارێكی تر جەختیكردەوە لە چەكداماڵینی حەماس و دەڵێت، وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاشتی بەڵێنیانداوە زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار بۆ غەززە و خەڵكەكەی دابین بكەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی " تروس سۆشیاڵ" بڵاویكردەوە، وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاشتی بەڵێنیانداوە زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار بۆ پشتیوانیكردنی هاوكارە مرۆییەكانی خەڵكی غەززە و ئاوەدانكردنەوەی ئەو كەرتە دابین بكەن، هەزاران كارمەندیشیان تەرخانكردووە بۆ هێزی سەقامگیری و پۆلیسی ناوخۆیی لە خاكی وێرانكراوی فەڵەستین.
ئەوەشی خستەڕو، پێویستە حەماس رێز لە پابەندبوون بە چەكداماڵین بگرێت و دەستبەجێ لە چوارچێوەی قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە جێبەجێی بكات.
ترەمپ جەختیلەوەشكردەوە، چەكداماڵینی حەماس و بڵاوەپێكردنی هێزی نێودەوڵەتی لە غەززە، دوو پایەی سەرەكین بۆ جێبەجێكردنی قۆناغی دووەم و قۆناغەكانی داهاتووی ئاگربەست.
ئەوەش لەكاتێكدایە، لە ناوەڕاستی مانگی رابردووەوە قۆناغی دووەمی ئاگربەست لە غەززە چووەتە بواری جێبەجێكردن، كە كشانەوەی سوپای ئیسرائیل و چەك داماڵینی حەماس و بڵاوەپێكردنی هێزی نێودەوڵەتی لە غەززە لەخۆگرتووە.



