ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا رایگەیاند، حکومەتەکەی سەرکەوتوو بووە لە دەستپێکردنی دیالۆگێکی نیشتمانیی فراوان و کار بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر دەکات کە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی وڵات بکات.

شەیبانی دەشڵێت؛ هێزەکانی سوریای دیموکرات، دوژمن نین  و دیدارەکەی لەگەڵ مارکۆ رۆبیۆ و مەزڵوم عەبدی  هەوڵێکە بۆ دورکەوتنەوە لە هەڵەکانی رابردوو.

شەیبانی ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەوان سەرقاڵی بنیاتنانەوەی دەوڵەت و چارەسەرکردنی ئەو میراتە نەرێنییەن،  کە لە رژێمی پێشووەوە بە میرات بۆیان ماوەتەوە، لەگەڵ ئەو کێشە و ئاڵنگاریانەی،  کە روبەرویان بونەتەوە.

ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی سوریا، کە دەڵێت؛ هەسەدە دوژمن نییە وەک ئاماژەیەکە بۆ کۆتاییهاتن بە ناکۆکییە چەکدارییەکانی نێوان دیمەشق و  ئیدارەی خۆسەر دەبینرێت و رێگەخۆشکەرە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی سیاسی کۆتایی لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا.