وەزیری تەندروستی سوریا گەیشتە حەسەکە و لەگەڵ پارێزگاری شارەکە کۆبووەوەو جەختیان لەسەر هەماهەنگی لایەنەکان کردووە بۆ باشترکردنی کەرتی تەندروست پارێزگاکە.

وەزیری تەندروستی لە حکومەتی سوریا گەیشتە شاری حەسەکە و لەلایەن نورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکەوە پێشوازی لێکرا.

بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، ئامانجی سەردانەکەی وەزیری تەندروستی بۆ تاوتوێکردنی رەوشی تەندروستی پارێزگاکە و بەسەرکردنەوەی ناوەندە پزیشکییەکانە، بەتایبەت لە سایەی ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی کەرتی تەندروستی دەبنەوە لە ناوچەکەدا.

لە میانی کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری حەسەکە باسی لە پێداویستییە بەپەلەکانی کەرتی تەندروستی و دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی کرد بۆ نەخۆشخانەکانی شارەکە، جەختیشی لە گرنگی هەماهەنگی نێوان لایەنەکان کردەوە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتیان.

ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بەدەست کەمیی هەندێک جۆری دەرمان و کەرەستەی پزیشکییەوە دەناڵێنێت و چاوەڕوان دەکرێت بڕیار لەسەر چەند پڕۆژەیەکی تەندروستی نوێ بۆ ناوچەکە بدرێت.