رێككەوتنی هێزەکانی سوریای دیموكرات(هەسەدە) و دیمەشق وەك هەنگاوێكی گرنگ بۆ پاراستنی یەكپارچەیی سوریا و دابینكردنی مافی پێكهاتەكان لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرێت.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان پێشوازی لە رێككەوتنی نێوان حكومەتی سوریا و هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)كرد و بە هەنگاوێكی گرنگ لە قەڵەمدا بۆ كەمكردنەوەی ئاستی پەرەسەندن و پتەوكردنی سەقامگیری لە سوریا. 

ئەنجومەنەكە جەختیشی لەسەر پێویستی پابەندبوون بە رێكەوتنەكە و دەستەبەركردنی مافەكانی كورد كردەوە و داواش دەكات نوێنەرانی كورد لە دامەزراوەكانی دەوڵەتی سوریادا جێگەیان بكرێتەوە بۆ باشتركردنی سەقامگیری و پاڵپشتیكردنی هەوڵەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.