ئەمریکا گەورەترین کەشتی فڕۆکەهەڵگر رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و رۆژنامەیەکی ئەمریکیش ئاشکرایکردووە، ئەم هەنگاوەی واشنتۆن پەیامێکی رونی "بەرگری و ئامادەباشییە" لە سایەی گرژییەکانی ناوچەکە.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بڕیاریداوە کەشتی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس جێراڵد فۆرد" ڕەوانەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات. بڕیارە ئەم کەشتییە نوێیە پەیوەندی بکات بە کەشتی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکۆڵن" کە ئێستا لە دەریای عەرەب و ناوچەی کەنداو جێگیرە.

ئەو رۆژنامەیە ئاشکرایکردووە، ئەم جموجۆڵە سەربازییە دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری خۆی لە "تروس سۆشیاڵ" راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و جەختی لە ئامادەکارییەکانی پنتاگۆن کردەوە بۆ ناردنی دووەم کەشتی فڕۆکەهەڵگر بۆ ناوچەکە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم هەنگاوەی واشنتۆن پەیامێکی روونی "بەرگری و ئامادەباشییە" لە سایەی گرژییەکانی ناوچەکە، و فشارێکی سەربازییە هاوشانی فشارە سیاسییەکان بۆ ناچارکردنی تاران بە ئیمزاکردنی رێککەوتنێکی نوێ سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

ئەمەش لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند؛ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران لە ماوەی یەک مانگدا ئەگەرێکی کراوەیە و دەشڵێت، "پێویستە تاران بە خێرایی رازی بێت، ئەگەرنا دەرەنجامەکان بە ئازار دەبن."