وەزارەتی بەرگریی سوریا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە رەسمی وەرگرتنی بنکەی سەربازیی تەنەفی لە هێزەکانی ئەمریکا راگەیاند، ئەمەش دوای رێککەوتن و هەماهەنگیی نێوان هەردوو لا دێت.

وەزارەتی بەرگریی سوریا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، یەکەکانی سوپای سوریا بنکەی تەنەفیان وەرگرتووە و ئاسایشی بنکەکە و دەوروبەریان پاراستووە. هەروەها، هێزەکانی سوپا دەستیان بە بڵاوەپێکردن کردووە لەسەر سنورەکانی نێوان سوریا، عیراق و ئوردن لە بیابانی تەنەف.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتوە، کە هێزەکانی پاسەوانی سنوری سەر بە وەزارەت، لە رۆژانی داهاتوودا ئەرکەکانیان وەردەگرن و لە تەواوی ناوچەی تەنەف جێگیر دەبن بۆ پاراستنی سنورەکان.

سەرچاوەیەکی سەربازی بە ئاژانسی "فرانس پرێس"ی راگەیاندوە، هێزەکانی ئەمریکا بە تەواوەتی لە بنکەی تەنەف کشاونەتەوە و بەرەو بنکەی "ئەلبورج" لە وڵاتی ئوردن بەڕێکەوتوون. ئاماژە بەوەش کراوە کە پڕۆسەی کشانەوەکە لە 15 رۆژ لەمەوبەرەوە دەستیپێکردبوو و ئەمڕۆ کۆتایی هاتوە.

هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2014ـەوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە سوریا و عیراق جێگیر کرابوون، تاوەکو رێگری لە جموجۆڵەکانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە بکەن و ناوچە ستراتیژییەکان بپارێزن. ئێستا و بەپێی بونیاتە نوێیە سیاسییەکان، دۆسیەی ئەمنیی ئەو ناوچەیە رادەستی حکومەتی سوریا کرایەوە.