وەفدی ئیمراڵیی راگەیەندراوێکیان لەسەر کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئەردۆغان بڵاوکردەوە
راهۆز
١٢ی شوباتی ٢٠٢٦
پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار، ئەندامانی وەفدی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، راگەیەندراوێکیان دەربارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، وەفدی دەم پارتی لەگەڵ سەرۆک کۆمار ئەردۆغان دەربارەی پێشهاتەکانی ناوچەکە و کاریگەریی ئەو روداوانە لەسەر تورکیا و "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" گفتوگۆیان کردوە. هەردوولا جەختیان لەسەر ئیرادەی هاوبەش بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەکە بە شێوەیەکی جدی کردوەتەوە.
لە دیدارەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پێویستە پەرلەمانی تورکیا، وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و دامەزراوە گشتییەکان، هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە تاوەکو هەنگاوی کردارەکی و متمانەبەخش بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە بنرێت. هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە دەبێت راپۆرتی لێژنەی نیشتمانی بۆ برایەتی و دیموکراسی بە شێوەیەکی گشتگیر ئامادە بکرێت، تا ببێتە بونیاتێکی بەهێز بۆ دیموکراسی و ئازادییەکان.
وەفدەکەی دەم پارتی رایانگەیاندوە، زۆر گرنگە بەبێ دواکەوتن و لە رێگەی فراوانترین کۆدەنگییەوە، بونیاتێکی یاسایی دابڕێژرێت کە هەموو پێکهاتەکانی ناو کۆمەڵگە بگرێتەوە و ببێتە بنەما بۆ ئاییندەی دیموکراسی لە تورکیادا.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار ئومێدیان خواستوە کە ئەم دیدارە لەم قۆناغە هەستیارەی ناوچەکەدا، ببێتە هۆکارێک بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانەی گەلانی تورکیا و ناوچەکە و سوپاسی سەرۆک کۆماریان کردوە بۆ پێشوازیکردن لێیان.



