روانگەی سوری بڵاویکردوەتەوە، ماوەی گەمارۆدانی کۆبانێ دەبێت بە 23 رۆژ لە لایەن هێزەکانی دیمەشقەوە، سەرەڕای هەبوونی رێککەوتن لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ کۆتاییهێنان بەو گەمارۆیە.

روانگەی سوری هۆشداریداوە ئەم رەوشەی ئێستای کۆبانێ، کە 23 رۆژە بەردەوامە، بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی مرۆیی قورس بۆ دەیان هەزار دانیشتووی شارەکە و ئاوارەکانی دەوروبەری، کە بەدەست نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانەوە دەناڵێنن.

ئاماژەبەوەکراوە، لە کەرتی تەندروستیدا، رێگری لە چوونی دەرمان دەکرێت و دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان لە دەرمانخانەکاندا نەماوەو  لە نوێترین زانیاریشدا گیان لەدەستدانی دایکێک پشتراستکراوەتەوە بەهۆی نەبوونی چاودێری پزیشکی و گەمارۆی سەر ناوچەکە.

روانگەی سوری، دەڵێت؛ دوای بڕانی کارەبا بۆ ماوەی سێ هەفتە، لە ئێستادا رۆژانە تەنها دوو سەعات کارەبا دەدرێت بە کۆبانێ و  ئەمەش کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر دابەشکردنی ئاو.

لە ڕووی بژێویشەوە،   نرخی سەوزە و میوە بە شێوەیەکی خەیاڵی بەرزبووەتەوە و شارەکە بەدەست کەمی سوتەمەنییەوە دەناڵێنێت و  تەنها لە رێگەی قاچاخەوە و  بە نرخێکی زۆر گران دەستدەکەوێت، بە جۆرێک لیتێک گاز گەیشتوەت پێنج دۆلار.

بەهۆی خراپی رەوشی شارەکەوە، چالاکوانان و خەڵکی ناوچەکە داوا دەکەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەستوەردان بکەن بۆ کۆتاییهێنان بەم گەمارۆیە و رزگارکردنی هاووڵاتیان لە مەترسی برسییەتی و نەخۆشی.