جارێكی تر وەفدی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوا و ئاسایشی گشتی حەلەب كۆبونەوە، بۆ جێبەجێكردنی میكانیزمی ئاسایش و دامەزراندنی خاڵە هاوبەشەكان لە سنوری كۆبانێ‌.

بۆ جاری دووەم وەفدی  هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای كوردستان و ئاسایشی گشتی حەلەب سەر بە حكومەتی كاتی سوریا لە شارۆچكەی چەلێبییە لە رۆژهەڵاتی كۆبانێ كۆبونەوە، لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر میكانیزمی جێبەجێكردنی لایەنی ئاسایشی ناوچەكەكرا، وەك هەنگاوی دووەمی رێككەوتنەكە لە ناوچەی شێخلەر و چۆنیەتی جێبەجێكردنی دامەزراندنی خاڵە هاوبەشەكان لە گوندەكانی كۆبانێ‌، هەروەها باس لە هەڵگرتنی گەمارۆی سەر كۆبانێ و پەرەپێدانی هاوكارییە ئەمنییەكانی نێوان شارەكە كرا.

ئەو كۆبونەوانەش لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی بڕگەكانی رێككەوتنی نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە و حكومەتی كاتی سوریادایە.

لەلایەكی ترەوە"مستەفا موسلیم، راوێژكاری بەڕێوەبەرایەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رایگەیاندووە، حكومەتی كاتی بەڵێنیداوە رێگاكان بكاتەوە و ئاسانكاری بكات بۆ گەیاندنی پێداویستییەكان و خزمەتگوزارییەكانی كۆبانێ و گوندەكانی دەوروبەری.