سبەینێ لە مەسقەت؛ ئەمریکا و ئێران دەست بە دانوستانە ئەتۆمییەکان دەکەنەوە
راهۆز
٥ی شوباتی ٢٠٢٦
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران جەختیان لەسەر هەوڵەکانیان بۆ بەردەوامبوونی رێگەچارە دیپلۆماسییەکان کردەوە، بڕیاریشە سبەینێ هەینی یەکەم کۆبوونەوە لە وڵاتی عومان بەڕێوەبچێت، هەرچەندە تاوەکو ئێستا ناکۆکی لەسەر ناوەڕۆکی گفتوگۆکان ماوەتەوە.
بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە "رۆیتەرز"ـی راگەیاندووە، پلانی کۆبوونەوەکەی مەسقەت گەڕاوەتەوە سەر رێڕەوی رەسمیی خۆی. ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم هەنگاوە دوای فشارێکی زۆری سەرکردە عەرەب و موسڵمانەکان هاتووە بۆ سەر ئیدارەی ترەمپ تاوەکو لە دانوستانەکان نەکشێتەوە. واشنتن وەک رێزێک بۆ داواکاریی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، رازی بووە بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە دانوستانەکان بەیانی رۆژی هەینی لە مەسقەت دەستپێدەکەن. بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی "تەسنیم"، گفتوگۆکان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەبن و چاوەڕوان دەکرێت ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ و عەباس عراقچی تێیدا بەشدار بن.
پێشتر ئەمریکا داوای کردبوو کۆبوونەوەکە لە ئەنکەرەی پایتەختی تورکیا بێت و ژمارەیەک وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک چاودێر بەشدار بن، بەڵام ئێران داوای کردووە دانوستانەکان بگوازرێنەوە بۆ سوڵتان نشینی عومان و تەنیا لە چوارچێوەی هەردوو وڵاتدا بێت، تاوەکو تەنیا تیشک بخرێتە سەر دۆسیەی ئەتۆمی.
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ترەمپ چەندین بژاردەی لەبەردەستدایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران و واشنتن بۆ کۆبوونەوەکەی سبەینێ ئامادەیە. رۆبیۆ جەختی کردەوە کە تەنیا گفتوگۆ لەسەر یەک دۆسیە بەس نییە و دەبێت پرسی موشەکە بالیستییەکانی ئێرانیش تاوتوێ بکرێت. لە بەرامبەردا، ئێران رایگەیاندووە کە تەنیا لە چوارچێوەی دۆسیەی ئەتۆمی ئامادەی دانوستانە و توانا سەربازییەکانی پەیوەستە بە ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی و قابیلی گفتوگۆ نییە.
ترەمپ پێش رێککەوتن لەسەر شوێنی دانوستانەکان، رایگەیاندبوو کە دەبێت عەلی خامنەیی نیگەران بێت. هەروەها بە ئاژانسی رۆیتەرزی وتووە، ئەمریکا بە وردی چاودێریی جوڵەکانی ئێران دەکات و هۆشداریی داوە: "بیستوومە ئێران هەوڵدەدات بەرنامە ئەتۆمییەکەی کارا بکاتەوە، ئەگەر ئەوە بکەن، فڕۆکە جەنگییەکانمان دەنێرینەوە."
هاوکات، محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عراقچی، پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و پەنابردن بۆ دیپلۆماسی دووپات کردەوە، تاوەکو گەلانی ناوچەکە لە لێکەوتەکانی ئاڵۆزی و جەنگ بپارێزرێن.



