عەباس عراقچی: بڕیارە رۆژی هەینی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا لە مەسقەت بەڕێوەبچێت.
محەمەد رزگار
٤ی شوباتی ٢٠٢٦
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: رۆژی هەینی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، ماڵپەڕی ئەکسیۆسیش ئاشکرایکرد، لەسەر داوای سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گفتوگۆکان دەستپێدەکاتەوە.
عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی؛ بڕیارە رۆژی هەینی سەعات 10ـی بەیانی، گفتوگۆکان سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی لەگەڵ ئەمریکا لە مەسقەت بەڕێوەبچن.
ئاماژەی بەوەشکرد، سوپاسی برا عوممانییەکانیان دەکەن لە بەرانبەر ئەنجامدانی هەموو ئامادەکارییە پێویستەکان.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە، لە دوای نێوەنگیرییەکان و لەسەر داوای چەند سەرکردەیەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران ئەنجام دەدرێت.
دوای تەنها چەند سەعاتێک لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی پەکخستنی پلانەکانی گفتوگۆ، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری دوو لێپرسراوی باڵای ئەمریکییەوە ئاشکرایکرد، بڕیاری ئەنجامدانی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان لە رۆژی هەینیدا چوونەتەوە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەم گۆڕانکارییە کتوپڕە دوای فشار و هەوڵی چڕی سەرکردەکانی ناوچەکە دێت، کە هۆشدارییان دابووە ئیدارەی ترەمپ لە مەترسییەکانی کشانەوە لە دانوستانەکان. بەپێی سەرچاوەکان، نێوەندگیریی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وایکردووە واشنتۆن لە هەڕەشەکانی پاشەکشە بکات و جارێکی تر بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ تاران.



